دەیان بەکارهێنەر لە سۆشیال میدیا بڵاویانکردەوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی گرینگ لە سۆشیال میدیا، سیمکارتەکانیان بلۆک کراوە. هاووڵاتییان ئەو هەنگاوەیان بە هەوڵێکی نوێی ڕژیمی ئاخوندی بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین وەسف کرد.ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە سۆشیال میدیادا نووسیویانە لە چەند حەوتوی ڕابردوودا و بە تایبەتی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ فەرمانی دادگا و لەناکاو سیمکارتەکانیان پچڕاوە.بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە وەڵامی ئەو هاووڵاتیانەی کە تووشی ئەم کێشەیە بوون، فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری پەیوەندی پێیان دەڵێن پەیوەندی بەو دامەزراوانەوە بکەن کە نازناوی وەک “گەرداب” یان “جێگری داواکاری گشتی بۆ فەزای ئەلیکترۆنی”یان هەیە.ئەم دامەزراوانە پەیوەندی بە کەسانێکەوە دەکەن کە نامەبەری ناوخۆیی “ITA” بەکاردەهێنن و داوایان لێدەکەن ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ لابردنی بلۆکەکە.لە زۆرێک لەو پەیوەندیانەدا داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت وێنەی ناسنامەی نیشتمانی خۆیان پێشکەش بکەن و بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن کە خۆیان لە چالاکییە ڕەخنەگرانەکان لە سۆشیال میدیا بەدوور بگرن.