عەلیخان زەمانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ کوژرا. موحسین زەمانی، برای ناوبراو لەحاڵێکدا کە بە گوللەی ئەو هێزانە بریندار کرابوو لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە پەنای بۆ شوێنێکی نادیار بردووە.بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۸ی گەلاوێژ، عەلیخان زەمانی، تەمەن ۴۶ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەوت کانی» سەر بە بەشی ناوەندیی ئیلام لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام کوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام بە مەبەستی گرتنی موحسین زەمانی بە چەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خانەوادەکەیان کە ناوبراو دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە شوێنەکەی بەجێ ھێشتووە بەڵام براکەی، عەلیخان زەمانی له بهشی سكی بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە و کوژراوە.بەپیی سەرچاوەکان هەروەها بە وتەی کەسانێک کە لە شوێنی ڕووداوەکەدا ئامادە بوون ڕایگەیاندووە کە، ئەو کەسەی تەقەی لە عەلیخان زەمانی کردووە، ئیبراهیم باقری، سەرۆکی کەلانتەری ۱۴ی ئیلام بووە.هەندێک پاش کوشتنی عەلیخان زەمانی، پێکدادانێک لە نێوان خەڵکی گوندی حەوت کانی و هێزە حکومەتییەکان هاتووەتە ئاراوە. ئەو هێزانە دوای تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتووە.