دەزگای قەزایی ڕژیمی ئاخوندی ئێران ڕایگەیاند کە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی یەکەمین گرووپی زیندانیانی سیاسی بۆ زیندانی ئێڤین دوای “پاککردنەوەی داروپەردوو و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ” لەوێ دەستیپێکردووە. بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی، لەوانە نەرگس محەممەدی ڕایانگەیاندووە کە گواستنەوەی زیندانییەکان بە لێدان، توندوتیژی و سوکایەتی بووە و زیندانەکە نۆژەن نەکراوەتەوە. ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئاخوندی، ڕۆژی هەینی، ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ ، نووسیویەتی، “ژوری نیشتەجێبوونی نوێ” “بۆ” زیندانیانی ئێڤین “ئامادە کراوە”.ئەمە لە کاتێکدایە کە کەناڵی تێلێگرامی مێهدی مەحموودیان، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی، ئاماژەی بە “ئاوەدان نکردنەوەی زیندانی ئێڤین” کردووە و گەڕانەوەی ئەو زیندانیانە بە “هەنگاوێکی سەرسەختانە و ناژیرانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆتینی پێشو.بە وتەی ئەم چالاکە سیاسییە، ئەبولفەزل قەدیانی، مستەفا تاجزادە، محەمەد باقر بەختیار، موتەلیب ئەحمەدیان، مێهدی مەحموودیان و خاشایار سەفیدی لەو زیندانیانەدا بوون کە ئامادە نەبوون دەستبەند و کۆت و بەند بکرێن و “لەلایەن هێزە بەناوئەمنییەکانەوە بە توندی لێیان دراوە و بە جەستەی بریندارەوە گواستراونەتەوە”.حسێن ڕەزاق هەروەها ڕاپۆرتی دا کە ژمارەیەک زیندانی سیاسی دیکە و "زیندانی سزادراوی لەسێدارەدان" "بە لێدان" جیاکراونەتەوە و بۆ زیندانی قەزڵ حسار گواستراونەتەوە. نەرگس محەممەدی، چالاکی مەدەنی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە پەیامێکی دەنگیدا لێدانی زیندانیان لە کاتی گواستنەوەدا ڕاگەیاند و وتی : بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی و ئایدۆلۆژی بۆتە ڕۆتینێک”.خاتوو محەممەدی هەروەها پیداگریی لەوە کردەوە کە زیندانیانی سیاسی تەنیا نین و زیادی کرد: ئەگەر توندوتیژی ڕژیمی ئاخوندی بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی بەردەوام بێت، ناچار دەبین کاردانەوەمان هەبێت و ڕەنگە یەکێک لە کاردانەوەکان ئەوە بێت کە لەبەردەم دەرگای زیندان دابنیشین و لە حکومەت بپرسین کە بۆچی زیندانیان بەرەوڕووی توندوتیژیی جیددی دەکاتەوە.