دوو منداڵ لە گوندێکی سەر بە پارێزگای سنەی کوردستانی ئێران لە گەڕاوێکدا خنکان. بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای سنە دەڵێ، ژنێکی تەمەن 38 ساڵیش رزگارکراوە.رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 08-08-2025 لە گەڕاوێکدا لە گوندی باوەگوڕگوڕی سەر بە شاری قوروەی پارێزگای سنەی کوردستانی ئیران روویدا. بابەک هودائی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، دوو منداڵی تەمەن 6 ساڵ و 15 ساڵ کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە و خنکاون.بە وتەی بابەک هودائی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای دوو سەعات تەرمی هەردوو منداڵیان دەرهێناوەتەوە.وەک بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنە دەڵێ، ژنێکی تەمەن 38 ساڵانیش کە بە مەبەستی رزگارکردنی منداڵەکان چووبووە نێو ئاوەکە، دەرهێنراوە و ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە.گوندی باوەگوڕگوڕ دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی دڵبەرانی سەر بە شاری قوروە کە گەڕاوێکی تێدایە و بەو هۆیەوە ساڵانە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سرووشتی بۆ نەخۆشییەکانی پێست سەردانی دەکەن.بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، ساڵی پار هەزار و 26 کەس لە ئێران و کوردستانی ئێران لە ئاودا خنکاون.