ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبیی پەسند كرد و ڕەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ پەسندکردنی. پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد و سوننە دژی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکەن. رۆژی سێشەممە، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی ڕووداوی لە واشنتن ڕاگەیاند: "دژایەتیی هەر پڕۆژەیاسایەک دەکەین لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنەی ئێمەدا نەگونجێ و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێ."وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "پشتگیریی سەروەریی ڕاستەقینەی عێراق دەکەین، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە وڵاتێکی پاشکۆی حکومتی ئێران. بۆیە، پێم وایە ئێمە لەم دۆخە دیاریکراوەدا، بێگومان و لە دۆخەکانی دیکەشدا، ڕوون بووین.