ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیە، و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆرەی باکوور، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێداگریان لەسەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە. ئەم پەیوەندییە چەند ڕۆژێک پێش لوتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان پوتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئالاسکا دێت؛ کە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 15ـی ئاگۆست 2025، بەڕێوەبچێت. ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمیی کۆرە بڵاویکردووەتەوە، شەوی سێشەممە، 12ـی ئاگۆست 2025، پوتن و کیم "لە کەشێکی ئارام و دۆستانەدا" بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و "ئامادەیی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان لە داهاتوودا" ڕاگەیاند.