بەدوای بەردەوامی ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی دراوە بیانییەکان لە ئێران، نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد ٩٥ هەزار تمەنی تێپەڕاند. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، نرخی هەر پاوەندێکی بەریتانیا گەیشتووەتە نزیکەی ١٢٩ هەزار تمەن و بەهای سکەی زێڕیش گەیشتووەتە نزیکەی ٨٧ ملیۆن تمەن.وا دیارە بە نزیکبوونەوەی مۆڵەتی کۆتایی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بۆ کاراکردنی (میکانیزمی ماشە)، نرخی دراو و زێڕ لە بازاڕی ئێراندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی هەوڵ دەدەن لێکەوتە ئابوورییەکانی گەڕانەوەی سزای نێودەوڵەتی کەم بایەخ نیشان بدەن.بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەم دواییانە ڕایگەیاند واشنتۆن سوورە لەسەر ئەوەی کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین بە تەواوی ڕابگرێت.ئەم وەزارەتە لە ٢٧ی گەلاوێژ لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: «حکومەتی ترەمپ وەک بەشێک لە هەڵمەتی زۆرترین فشار بۆ بەرپرسیارکردنی ڕژێمی ئێران لە بەرامبەر چالاکییە تێکدەرەکانی، سوورە لەسەر ئەوەی کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین بگەیەنێتە سفر»