تاڵیبان ٣ ئەفغانی ڕادەستی ڕژیمی ئێران دەکات
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، تاڵیبان بەنیازە سێ هاوڵاتی ئەفغانی ڕادەستی حکومەتی ئێران بکاتەوە کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا گیراوان. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان تاڵیبان و ڕژیمی ئاخوندی بۆ هاوکاریی هەواڵگرییە.ڕۆژنامەی تەلەگراف ڕۆژی پێنجشەممە نووسیویەتی کە ڕژیمی ئاخوندی بەنیازە ئەو گومانلێکراوانە وەک ئامرازێک لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا کەڵک وەربگرێت؛ لە کاتێکدا تاڵیبان هیوادارە ڕژیمی ئاخوندی لە بەرامبەر ئەم هاوکارییە دان بە حوکمڕانی ئەو گرووپەدا بنێت بەسەر ئەفغانستاندا.ئەو سێ کەسە لە لیستی بەناو “لیستی مردن”دا بوون؛ لیستێکی نهێنی کە ناوی دەیان هەزار ئەفغانستانی لەخۆگرتبوو کە داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا دەکرد، لەنێویاندا سەربازانی سپای ئەفغانستان و هێزە تایبەتەکان و سەرچاوە هەواڵگرییەکانی بەریتانیا لەو وڵاتە.لیستەکە لە ساڵی ٢٠٢١ دزەی پێکرا و بە یەکێک لە گەورەترین پێشێلکارییە ئەمنییەکانی بەریتانیا ناوزەد کراوە.