ئەمەریکا بە زەبری پارە کۆچەران ڕاپێچی وڵاتانی هەژار دەکات
ئەمەریکا دانوستان لەگەڵ 35 وڵاتی جیهان دەکات بۆ ئەوەی کۆچەرانی نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکات، لە بەرانبەردا ئەمەریکا هاوکاریی داراییان دەکات یان فشارە ئابووریەکانیان لەسەر کەم دەکاتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیجیەکی نوێ کاردەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە شارەزایان بە گوماناوی نانوی دەبەن، لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین، بۆ ڕەوانەکردنی کۆچەرانی نایاسایی.شارەزایانی نێودەوڵەتی باس لەوەدەکەن، ئەم گرێبەستانە کۆچەران دەکەنە قوربانی، وەک تاکێکی خاوەن ماف سەیریان ناکەن، بەتایبەت کە گواستنەوەی کۆچەران بۆ وڵاتی سێیەم بەبێ ڕەزامەندی خۆیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤە.