دوینی هەینی ٣١ی گەلاوێژی ،١٤٠٤ گرووپی جەیش ئەلعەدل هێرشیان کردە سەر دوو ئۆتۆمبێلی نیزامییانی حکوومەتی لە ناوچەی دامن سەر بە شارستانی ئێرانشار.شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە دوو ئۆتۆمبێلی هایلۆکس و سەمەند کە هێزە نیزامییەكانی حکوومەتیان هەڵگرتبوون، لە کاتی تێپەڕبوونیان لە ڕێگای دامن کراونەتە ئامانج. هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشبەرەکان دوای هێرشەکە چەکی هێزە نیزامییەكانی حکوومەتیان لەگەڵ خۆیان بردووە.ئاژانسی هەواڵی فارس، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، دانی بەوەدانا کە لەو هێرشەدا پێنج هێزی نیزامیی حکوومەتی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. ناوی کوژراوانی ڕژیم بریتین لە:
- سەروان غوڵامڕەزا وەحدانی
- ستوانی دووەم هادی ڕۆیایی
- گروبانی یەکەم محەممەد نوروزی
- گروبانی یەکەم حەسەن تولی
- گروبان محەممەدرەزا ڕەحیمی
دوابەدوای ئەم هێرشە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی کەشوهەوای ئەمنیەتیی شاری ئێرانشار و بەتایبەت ناوچەی دامن دەکەن. بەكرێگیراوانی ئیتلاعات لەسەر ڕێگاکانی گواستنەوە و خاڵەکانی چوونە ژوورەوەی ئەم ناوچەیە جێگیر کرابون.