دەزگای میدیایی ئیسرائیلی واینێت بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دوو فڕۆکەی دیکەی پێشکەوتووی تانکەری سووتەمەنی جۆری بۆینگ KC-46 کڕیوە و بەمەش کۆی گشتی کەشتییەکانی داهاتووی دەگاتە شەش فڕۆکە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەردەوامبوونی مانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێران و کورتکردنەوەی ماوەی شەڕی ئەگەری لەگەڵ ڕژیمی ئێران ئەنجام دەدرێت.بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکەمین فڕۆکەی KC-46 لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێت و فڕۆکەکانی دیکەش تا ساڵی ٢٠٣٠ دەخرێنە خزمەتەوە. ئەم فڕۆکانە کە لە ئیسرائیل بە ناوی "گدعۆن" ناسراون، جێگەی فڕۆکە کۆنەکانی "ڕیم" (بۆینگی 707ی دەستکاریکراو) دەگرنەوە کە تەمەنیان نزیکەی ٦٠ ساڵە.بەهای گرێبەستە نوێیەکە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکادا دابین دەکرێت. ئیسرائیل یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئەم فڕۆکە تانکەرانەی سووتەمەنی بەکاردەهێنێت.فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەڵێن بە شەش فڕۆکەی KC-46 و کەشتییەکانی "ڕیم"، ئەو وڵاتە دەتوانێت نزیکەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەسەر ئاسمانی ئێران ئامادەیی هەبێت؛ بابەتێک کە بە وتەی ئەوان، ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی هێرشە ڕۆژانەییەکان و کەمکردنەوەی مەترسی بۆ سەر فڕۆکە جەنگییەکان.