ڕۆژنامەی بەریتانی تێلێگراف بڵاویکردەوە کە عەلی لاریجانی، سکرتێری تازەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ڕژێم، بەرپرسیارێتیی قایلکردنی سەرانی سیستەمەکەی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم گرتووەتە ئەستۆ.بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕژیمی ئاخوندی بەنیازە ئاستی پیتاندن لە ٦٠٪ـەوە بۆ ٢٠٪ کەم بکاتەوە، تا ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی کاراکردنی میکانیزمی پەلەپیتکە لەلایەن سێ قۆڵی ئەوروپییەوە. بەرپرسانی ڕژیمی ئێرانیش ئامانجی خۆیان بە کەمکردنەوەی ئەگەری هێرشی زیاتری ئیسرائیل و ئەمریکا ڕاگەیاندووە.تێلێگراف نووسیویەتی کە هەوڵەکانی لاریجانی ڕووبەڕووی بەرگریی هەندێک دامەزراوەی ئەمنی بووەتەوە، لەوانەش سپای تیرۆریستیی پاسداران، بەڵام وا دیارە سەرکردایەتیی سیستەمەکە ئامادەیە بۆ قبوڵکردنی کەمکردنەوەی پیتاندن و مامەڵەکردنەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا.