سەروەری گەل شەهید عەلی مەلایی
سەروەری گەل شەهید عەلی مەلایی
بهخامهی ڕهنگینی مامۆستا پهژار
ڕۆڵەی شیرین و کۆرپەی نەخشین لە ئامێزی دایک و باب دا چ جوانە و چ لەبەر دڵانە. نابینی چۆن بە دەست دەیپارێزن و بە چاکی ئاگاداری لێدەکەن. دەی لاوێننەوەو بە هەموو کرانێک دەی وێننەوە. چەندەیان لەبەر دڵانەو چەندەیان پێ جوانە، کاکۆڵی بە شانە دادێنن و بە کەلانکەی شین لە چاوی بەدی بەدوور دەکەن حەتا پشمی ئەڵاخێری بۆ دەکەن و لەگەڵ هەر قرپەیەک کە دەیداتەوە نۆشی پێ دەڵێن. هەر ڕۆژێ کە قسەیەک فێردەبێ، شادییەک دەخاتە دڵی خێزانەوەو کە کارێک دەکا پرسەی پێکەنین دەخاتە ماڵەوە. دانیشتنی لەبەر چاوان جوانەو ڕۆیشتنی جوانتر. کە دەڵێ دایی گومبەزەیی سینەی دایک بە دایک قوربانت بێ دەنگ دەداتەوە کە دەڵێ بابە بەگیانی بابە وەڵام دەدرێتەوە، ئاوا بەخێو دەکرێ و بەناز بەڕێوە دەبرێ. نازی دەبوورێ و گڕوی چارەسەر دەکرێ. ئەو کۆرپە شیرین و جوانە هەڵ دەدا و تووڵی ڕادەکێشێ و قاشی بەڕۆیی دەکشێ و بەخۆ دادێ وباردێ. هیوای دایک و بابانە و فریادڕەسی داگەین و دامانە. هیوایی ڕۆژی تەنگانەیەو مەترسی داگیرکەرو بێگانەیە. ئەو کۆرپە نازدارەی دایک وبابان، هیوای ڕۆژی تەنگانەی دایک و بابانە. خۆ تەنگانەی دایک و باوکان هەر ئەو تەنگانەیە کە لەگەلی کوردی چارەڕەشە. تەنگانەی کورد یەکەو هەموو تەنگانەی گەلەکەمان لەو تەنگانەوەیە، ئەویش دەردی بێگانەیە، ئەو بێگانەی کە هەر جارەو لە پێستێک دا خۆی دەردەخاو کردەوەو دڵی ناگۆڕێ و ڕەشەو ڕەش هەر ڕەشە و چاوچنوک و بەرچاو تەنگە. چاوی تێر نابێ بە بەشی خۆی و پەلاماری ئەموو ئەو دەدا کێ بێ دەستی درێژی کۆتا کا. کۆڵە مستی پڕ لە سینگی خوێن و ژان بدا. جوێ لەو ڕۆڵە نازدارانە کێ هەیە ئەرکی پڕ لە شانازی شۆڕش و خەباتی پێ بسپێردرێ جوێ لەو خۆشەویستانە؟ کێیە کە سوور خەڵاتی شەهادەتی لێ دەوەشێتەوە جوێ لەو ڕۆڵە شیرینەی کە سەرگۆنای وەک و هەڵاڵەی سەر گۆڕی شەهیدانە. بەڵێ بەرخی نێر بۆ سەر بڕینەو بێچوە شێر بۆ ڕۆژی تەنگانەیە. کێیە کە بە ورەی گیانی و بە سینەی فراوانی کوردستان بپارێزێ. کێیە کە خۆ بکا قۆچی قوربانی گەل و سەری بەرزی وەهێلێ بەبەرزی. جوێ لەو ڕۆڵە نازدارانەی لای دایک و بابان. ئەو نازدارانەی شایانی شانازین. دایک وباوکان کۆرپەی شیرینیان بۆ ڕۆژی تەنگانەی گەل دەوێ بۆیە بە دوو دەست کۆرپەکانی باوەشیان کە ئێستا بوونە شۆڕەلاو، پێشکەش بە سەنگەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەکەن. کاتێک کە بۆ ناسیاوانی شەهید عەلی مەلایی قسە لە نازداری و خۆشەویستی دەکرێ لە لای دایک و باوکان بەر لە هەموو خۆشەویستان شەهید عەلی مەلاییان بە بەرچاو دادێ. شەهید عەلی مەلایی کە لە بنەماڵەیەکی کرێکار لە ساڵی (1347) دا لە شاری بانە لە دایک بوو. لە تەمەنی شەش ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە و تاسێی ڕاهنمایی دەرسی خوێند. کاکە عەلی مەلایی هەر لە منداڵییەوە کوڕێکی ورد بوو. لە چۆنیەتی گەلی کورد و داگیرکەرانی کوردستان، نیشتمانی خۆشەویستی ڕادەما. ئەوە بوو دڵی ڕانەوەستا کە چاوی لە ستەمی داگیرکەران و لێقەوماوی چارەڕەشی گەلەکەی بێ. خۆی ڕانەگرت لە بەهاری ساڵی (1363) دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و دوای ڕاهێنان و بارهێنان، ماوەیەک لە بەشی چاپەمەنی دا کاری کرد. لە بەهاری (1364)چووە ناوڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سەید خەلیلەوە. شەهید عەلی مەلایی کە تەمەنی لە 17ساڵ تێنەپەڕی بوو، زۆر ئازاو بە جەرگ بوو هەموو دەمێک هەوڵی دەدا کە لە پێشمەرگە ناودارەکان نەمێنێتەوە. شەهید عەلی لاوێکی هێواش و ڕازدار بوو جێی متمانەی شۆڕش بوو. بە دڵ شۆڕش و خەباتی لەناو ڕیزی سازمانی خەباتی خوێناویدا خۆشدەویست. خۆ دودانی نەبوو لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا. شەهید عەلی لە کاتێک کە ببوە یەکێک لە جێی هیواو هومێدی سازمانی خەبات، بە داخێکی گرانەوە لە بەیانی23 ی ڕێبەندانی ساڵی 1364دا لە گوندی یاکووباوای دەشتە تاڵی بانە لە کاتی گەمارۆدانی ئاوایی لەلایەن پاسدار و خۆفرۆشەکانی ڕژیم و بەربەرەکانێی پێشمەرگەکان دا، عەلی مەلایی دەرباز نەبوو پێکراو بە پلەی شەهادەت گەیشت و چووە ناو کۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستانەوە. ڕۆژی دوایی تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی هەزار ساڵەی شوێ لە ناو ڕێزو ئیحتڕامی خەڵکی بە شەرەفی ناوچەوو مامۆستایانی خواپەرەست و ئازاو نەترس دا، خرا ناو باوەشی کوردستانی خۆشەویست و بە گیانی پڕ لە ئیمانی ئەو گۆڕستانەی کردە چراخان.
هەزاران سلاو لە گیانی پاکی شەهید عەلی مەلایی و گشت شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان.