کورد و ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران
وتووێژی هەواڵدەری کوردپا لەگەڵ کاک شۆڕش حاجی، ئەندامی سەرکردایەتی سازمانی خەبات و بەرپرسی پێوەندی هەولێر لەپێوەند بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژیمی ئاخوندی بۆ خولی یانزەهەم.
کورد و ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران
سەرەتای مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەمە) ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران، بەڕێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو، هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە، سیاسەتی بایکۆت و داوای نەچوونە سەر سەندووقی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران کردووە.
لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی دیکە چەند وتووژێکی پێک هێناوە، کە سەرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە ڕادەکێشین.
سێیەم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ "شۆڕش حاجی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوندییەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەولێر.
ئاژانسی کوردپا: ڕووداوەکانی ئێران، چەندە باندڕۆ لەسەر ڕهوتی گشتیی هەڵبژاردنەکان دادەنێت؟
شۆڕش حاجی: ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پێوەندیدار بە ئێران چ لە ئاستی نێوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی بۆ دەسەڵات گرینگترو پڕبایەختر کردووە و لە جاران زیاتر پێویستی بە هاتنە سەر سندووقی هەڵبژاردنی خەڵک هەیە. خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان بەتەواوی لەو دەسەڵاتە بێزارن و لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر بەتەواوی ئەو ڕاستییەیان پیشان دا و کوشتاری سەرسووڕهێنەری خەڵک لەلایەن ئاخوندانەوە لووتکەی ناخەڵکی بوونی ڕێژیمی دەرخست و هەر بۆیە لە کاتێکدا کە جیهانییان ئەو ڕاستییانە دەبینن ڕێژیم بە وەڕێخستنی شانۆی هەڵبژاردن دەیانهەوێت چەواشەکاری بکەن و لە ڕێگەی دەنگدانەوە مەشروعییەتی خۆیان دەرخەن. هاوکات لەئاستی دەرەوەش شاهێدی ئەوەین کە دەسەڵات زیاتر لە جاران تەریک کەوتووەتەوە و جیهانییان ناخەڵکی بوونی ڕێژیمیان بۆ دەرکەوتووە و ڕووداوی کوشتنی قاسم سلێمانی وەک گەورەترین پێشهاتی سیاسی لە ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێران ئەوەندەی تر جیددی بوونی ئامریکا بۆ پێشگرتن لە تێرۆریزمی نێونەتەوەیی ئاخوندان دەردەخات و لە هەلومەرجێکی لەم چەشنە ئاشکرایە دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ بایەخی مەشرووعییەتی ناوخۆیی و وەک چەکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا لێی دەڕوانێ و هەر بۆیەشە لەوانەیە لە هەموو ئامرازەکانی فشار و هاندان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی گەرم کەڵک وەردەگرێ.
ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی مەجلیس له ئێراندا چەند دەتوانن کاریگەری لەسهر گرفت و بابهته سیاسییهکان له ئێران دابنێن؟
شۆڕش حاجی: لەناو نیزامی دیکتاتۆری ئاخوندی شتێک بە ناوی سیستەم و دەسەڵاتی دەزگاکانی بەڕێوەبەری و حکوومی بوونی نییە و هەموو دەسەڵاتە ئیجرایی و بەڕێوەبەرییەکان لەناو دەستی وەلی فەقیهدایە و دەزگای مەجلیس تەنیا ڕواڵەتین ناتوانن بە پێوەرە دێموکراتیکەکان دەور و نەخشیان لەسەر کاروباری دەوڵەت هەبێ. لە وەها نیزامێک چاوەڕوانی بۆ وەدیهاتنی ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتن بە قازانجی خەڵک و کۆمەڵگا لەسەر دەستی پارلمانتاران وەدینەهاتووە و دوور لە ڕاستییە. سەرەڕای ئەوەش ئەوانە دەچنە ناو پارلمان کەسانێکن کە لە فیلتێرەکانی ڕێژیم دەرچوونە و بە جۆرێک سوێندی وەفاداری بو ڕێژیمیان پێ دەخۆن و ناتوانن بابەتێک پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئاخوندی پەسەند بکەن.
ئاژانسی کوردپا: سیاسەتی ئێوە بۆ هەڵبژاردن بەشداری کردنە یان بایکۆت، بۆچی؟
شۆڕش حاجی: بێگومان سیاسەتی ئێمە لە ڕاست هەر جۆرە هەڵبژادنێک لەژێر بەڕێوەبەری ئاخوندان بایکۆت دەبێ. هەڵبژاردن واتای خۆی هەیە و یەکێک لە پایەکانی نیزامی دێموکراسییە و ناکرێ لە کاتێکدا هیچ پێوەرێکی دێموکراتی بوونی نییە و بێڕێزی بە شعوور و تێگەیشتنی خەڵک دەکرێ و سیاسەتی چەواشەکردن پەیڕەو دەکرێ، باس لە هەڵبژاردن و بەشداری و وەدیهاتنی گۆڕانکاری بکرێ. ئەو ڕێژیمە بە درێژایی حوکمرانییەکەی دەریخستووە کە جگە لە نەهامەتی و جینایەت و کوشتار و سەرکوت دیارییەکی تر ناتوانێ پێشکەش بکات و هەموو ئەو شانۆگەرییانەی لەژێر ناوی هەڵبژاردن بەڕێوەی دەبات، تەنیا و تەنیا بۆ چەواشەکاری و فێڵ و چاوبەستە و دەنگی خەڵک و بەشدارییان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ڕەوایی پێدان بە دەسەڵات لێی دەڕواندرێ.
ئاژانسی کوردپا: بێکاری لە ناوچە کوردییەکان زۆر له سهرهوهیه. ئایا ئهم پرسه کاریگهریی له ڕەوتی ههڵبژاردنهکانی مهجلیس ههیه؟
شۆڕش حاجی: نەتەنیا بێکاری بەڵکوو لە هەموو بەش و ئاستەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ژیانی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و کوردستان هەتا ئیستاش ناوچەی قەدەغەکراو بووە لەلایەن دەسەڵات و لە ماوەی ئەو چل ساڵە نەک لە بواری ئابووری پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەدیوە بەڵکوو بەردەوام بەرەودواوە گەڕێندراوەتەوە و سیاسەتی بە مەبەستی لە دواکەوتوو هێشتنەوەی ئـابووری تا ئێستاش پەیڕەوی لێ دەکرێ. بۆیە باشترین هەڵویست لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بایکۆت و تەحریمی شانۆگەریی هەڵبژاردنە و لەم ڕێگەیەوە پێویستە وشیاری سیاسی خەڵکی کورد پیشان دەسەڵات و جیهان بدرێ و خەبات بۆ نەهێشتنی ئەو سیستەمە دژی گەلییە گڕی پێ بدرێ. بە باوەڕی من خەڵکی کوردستان خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و بەشداریی کایەی چەواشەکارانەی دەسەڵات نابن و نابنە ئامرازی دەستی ئاخوندان.