کۆمەڵێک لە مامۆستا و خوێندکاران و کەسایەتییە ئایینیەکان لە کوردستانی ئێران، سەبارەت بە سزای داسەپاوی بەندکران و قەدخەکردنی وتاردان لە مامۆستا لوقمانی ئەمینی لە پەیامێکدا هەڵوێستیان دژ بەو سزایە دەربڕی. لەو پەیامەدا هاتووە مامۆستا لوقمانی ئەمینی وەک مامۆستایەکی خۆشناوی ئایینی بە هۆی هەڵوێستە بوێرانە و بەجێیەکانی لە کاتی ڕووداوە هەستیارەکان و هەوڵە توندەکانی بۆ لەیەک نزیککردنەوەی موسوڵمانانی کوردستان، جێی خۆی لە دڵی خەڵکانی کوردستاندا کردووەتەوە و جێی ڕێزی جەماوەری نیشتمانە. بۆیە بە تاوانی ناڕەوا و بێ بنەمای 'بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام' لەلایەن دادسەرای تایبەتی ڕژیم بۆ ڕۆحانیەکان، سزای سێ ساڵ و یەک مانگ بەندکران و لێی ستانەوەی هەتاهەتایی بەرگی مامۆستایی بەسەردا سەپاوە. لەو پەیامەدا هاتووە، مامۆستا لوقمان کە بۆ تەنیا جارێک بێڕێزی بە ئەو نەویستانەی خۆی نەکردووە کە هێندێک جار حوکمی کوفر و سەربڕینی ئەو پیاوە مەزنەیان داوە، چۆن و کەی و بە کام ئاماژەیە بێڕێزیی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە؟ هەروەها لەو پەیامەدا بە ئاماژە بە ئایەتیکی قورئان وتوویانە: 'ڕادەربڕین تەنانەت سەبارەت بە خوداش قەدەغە نییە و ڕێگەپێدراوە.'لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتووە: لە کۆتاییدا هاتووە: 'وەک مامۆستایان و خوێندکاران و کەسایەتییە ئایینیەکانی کوردستانی ئێران محکومی ئەو سزا نادادپەروەرانەیە سەبارەت بە مامۆستا لوقمانی ئەمینی دەکەین و هۆشدار بە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە نیوەگیانە دەدەین کە ئەگەر پێ لە بەڕەی خۆتان زیاد ڕاکێشن، تووشی کاردانەوەی توندی جەماوەری خەڵکی کوردستان دەبنەوە.