یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا هاوکارییەکانی نێوان کاراکاس و ڕژیمی ئێرانی بەهێزتر کردووە. ڤەنزوێلا بە هاوکاریی ڕژیمی ئاخوندی ئێران، جبەخانەیەکی هەمەچەشنەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروست کردووە.
ڕۆژنامەی میامی هڕڵد بڵاوی کردەوە کە ڤەنزوێلا یەکەم وڵاتە لە ئەمریکای باشوور کە درۆنی چەکدار بەکاردەهێنێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە و ئەنجامی نزیکەی دوو دەیە هاوکاریی بەردەوامی لەگەڵ ڕژیمی ئاخوندیە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڤەنزوێلا لە ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠٢٥ لە وڵاتێکەوە کە توانای درۆنی نەبووە، بووەتە خاوەنی جبەخانەیەکی هەمەجۆر لە درۆن بۆ سیخوڕی، چاودێری و شەڕکردن. ئەم پەرەسەندنە لە سەردەمی هۆگۆ چاڤێزەوە دەستی پێکردووە و بە گرێبەستێکی ٢٨ ملیۆن دۆلاری و ناردنی کەرەستەی کۆکردنەوەی "مهاجیر-٢" لە ئێرانەوە دەستیپێکردووە. ئەم هاوکارییە بووەتە هۆی دروستبوونی پیشەسازییەکی بەرفراوان کە ئێستا جگە لە درۆنی سیخوڕی، مۆدێلی ڕادارگۆریز و درۆنی خۆتەقێن بەرهەم دەهێنێت کە ئیلهامیان لە دیزاینەکانی ڕژیمی ئێران وەرگرتووە.