ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی خەرمانان، لە میسر، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران و ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی حکومتی ئێران كۆدەبنەوە.بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمی ئەحرام، بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لە کۆشکی تەحریر لە قاهیرە پێشوازی لە عراقچی و گرۆسی دەکات. دوای کۆبوونەوەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ ڕاگەیاندنی خاڵە سەرەکییەکانی دانوستانە سێ قۆڵییەکان بەڕێوەدەچێت. دوێنێ دووشەممە، وەزیری دەرەوەی میسر دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازیی لەگەڵ هاوتاکەی لە حکومەتی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەنجامدا. وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەم پەیوەندییانە بە ئامانجی "ئامادەکردنی مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و ئاژانس سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی حکومتی ئێران" بوون.