دوای جەنگی 12 ڕۆژەی حکومەتی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە مانگی جۆزەردان، ژمارەی ڕۆیشتنی هەوڵاتیانی ئێرانی لە وڵات زیاتر بووە. چاودێرییە فراوانەکان و داهاتوویەکی نادیار لەناو وڵاتدا وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان موڵکەکانیان بفرۆشن و وڵات جێبهێڵن.ئەفسەرێکی کۆچەران لە فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوی، بە سەرچاویکی ڕاگەیاند "پێش جەنگ، زۆربەی گەشتەکان کە ئێمە بەڕێوەمان دەبرد گەشتیاری بوون. بەڵام لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە لە مانگی جۆزەردان ، ڕۆیشتنەکان چەندین ئەوەندە زیادیکردووە و زۆربەی ئەوانەی ڕۆیشتوون، هێشتا دوای مانگێک یان دوو مانگ نەگەڕاونەتەوە؛ ئەوان بڕیاریان داوە چیتر نەگەڕێنەوە."بە وتەی ئەو، ئەمجارە تەنها گەنجان ناڕۆن؛ خەڵکی تەمەن ناوەڕاست و تەنانەت بەساڵاچووان لە وڵات ڕۆیشتوون بۆ ئەوەی لە هەڕەشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی جەنگ بە دوور بن.