لەسەروبەندی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ، زیاتر لە ١٠٠ خانەوادەی قوربانیانی دەستی ڕژیمی ئاخوندی و هەروەها ژمارەیەک لە بریندارانی تاوانەکانی ئەو ڕژێمە، لە نامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە بە پەلە کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر زیادبوونی توندوتیژی و سەرکوتکردنی خەڵک لەلایەن ڕژیمی ئاخوندی. ژینا ئەمینی لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی حکومەتی ئیرانەوە گیراوە و شکەنجە درا. سێ ڕۆژ دوای گیرانی، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران شەهید بوو. شەهیدکرانی ژینا بووە هۆی گەورەترین خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئێراندا دروستکرد. لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانەدا، ڕژیمی ئاخوندی دەستی دایە سەرکوتکردنی خوێناوی و تەنها لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لانیکەم ٥٥٢ کەسی کوشت، سەدان کەسی بریندار کرد و لانیکەم ٣٤ هەزار کەسی گرتوە. خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە نامە هاوبەشەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ئەیلوول بڵاوکرایەوە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە نەک تەنها بۆ پاراستنی خەڵکی ئێران، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جیهانی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کار بکات هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بە سێیەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کرد و ڕایگەیاند یادی بەرز ڕادەگرێت و پیداگریی لەوە کردەوە کە ژیانە کورتەکەی لەلایەن ڕژیمی ئاخوندی کۆتایی پێهێنرا. ئەم بەیاننامەیە وتیشی: "ئێران دەبوو یەکێک بێت لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، بەڵام داهاتووی بەفیڕۆ چووە." هەروها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیادی کرد: "ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی فشارێکی زۆر لەسەر ڕژیمی ئاخوندی و دڵنیا دەبینەوە کە ئەو حکومتە لەسەر کارەکانی دژی گەلەکەی و دراوسێکانی بەرپرسیار دەبێت."وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا ڕایگەیاند: "ناوی ژینا هەرگیز لەبیر ناکرێت. کوشتنی ئەو، لەگەڵ زۆری دیکەدا، تاواننامەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ تاوانەکانی ڕژیمی ئاخوندی دژی مرۆڤایەتی."