ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە بەپێی پێشنیارێکی ڕژیمی ئێران کە لەم دواییانەدا لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپییەوە ڕەتکرایەوە، ڕژیمی ئێران ئامادەیی دەربڕیبوو کە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەسەر ئاستی نزیک لە چەکی ئەتۆمی بگەڕێنێتەوە و بیکاتە ئاستێکی خاوێنی کەمتر، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا سزا ئابوورییەکانی سەر ڕژیمی ئاخوندی هەڵبگیرێن.بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕژیمی ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئاخوندی، لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانی ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە یەدەگی یۆرانیۆمی ٦٠% پیتێنراو، کە لەسەر ئاستی نزیکە لە چەکی ئەتۆمی، بۆ ئاستی ٢٠% کەم بکاتەوە.لە بەرانبەردا، چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێک لە سزاکان هەڵبگرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیارنامەی ٢٢٣١ – کە ڕێگە بە گەڕانەوەی سزاکان دژی حکومەتی ئێران دەدات – سەرەتا درێژ بکاتەوە و پاشان هەڵی بوەشێنێتەوە.بەپێی نووسینی واڵ ستریت جۆرناڵ، ڕژیمی ئێران هەروەها بەڵێنی دابوو بۆ نیشاندانی ویستی وتووێژ، چاوی بە ستیڤ وایتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت.