سپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی هۆشداریی دا کە بە "هێزێکی بێوێنە" هێرش دەکاتە سەر شاری غەززەو داوای لە دانیشتووانی شارەکە کرد بەرەو باشوور بڕۆن، لە کاتێکدا هێرشە زەوینییەکانی بۆسەر گەورەترین شاری کەرتەکە توند دەکاتەوە.ئیسرائیل بە بۆردوومان و تۆپباران شاری غەززەی وێران کردووە.
هێرشەکە پێش هەنگاوێکی چاوەڕوانکراوی چەندین وڵاتی رۆژئاوایە، لەنێویاندا فەرەنسا و بەریتانیا، بۆئەوەی حەوتوی داهاتوو لە لووتکەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.سپا رۆژی سێشەممە هێرشە زەوینییە گەورەکەی دەستپێکرد و چەندین رۆژە داوا لە دانیشتووان دەکات بەرەو باشوور بڕۆن، بەڵام زۆر لە فەلەستینییەکان دەڵێن، گەشتەکە سەختە و نازانن بۆ کوێ بڕۆن.