مسعود پزشکیان، سەرۆکی ڕژێمی ئاخوندی ئێران، زەنگی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥ی لە قوتابخانەکانی سەرانسەری وڵات لێدا، لە کاتێکدا داتاکان بەڵگەی زیادبوونی بەردەوامی وازهێنان لە خوێندن لەنێو خوێندکارانی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی ئێران دەدەن.
پزیشکیان ڕۆژی سێشەممە، یەکەمی خەرمانان، لە مەراسیمێکدا لە قوتابخانەیەکی کچان لە ڕۆژاوای تاران، زەنگی دەستپێکی ساڵی خوێندنی لێدا و بە زمانێکی لووس و بێ ناوەڕۆک بەڵێنی دا کە حکومەت "هەموو پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی" خوێندکاران دابین دەکات.
ئەم بەڵێنە درۆینانە لە کاتێکدایە کە ناوەڕاستی مانگی خەرمانان، وەزیری پەروەردەی ڕژیمی ئاخوندی بە ناچاری دانی نا بەوەی کە ژمارەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن گەیشتووەتە ٩٥٠ هەزار خوێندکار، کە ئەمەش نیشانەی شکستێکی گەورەی حکومەتی ئێرانە لە دابینکردنی مافی خوێندن بۆ هاووڵاتییانی. ئەم ئامارە ترسناکە، کە بە دڵنیاییەوە لە واقیعدا زیاترە، پێشانیدەدات کە چۆن ڕژێمی ئاخوندی بە بیانوی "پێشکەوتن"ەوە، داهاتووی نەوەیەکی تەواو لە خوێندن و گەشەپێدانی زانستی بێبەش دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان وەک کوردستانی ئێران سیستان و بلوجستان.