١٩ بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، بۆ بەرزراگرتنی یادی هاوبەندیی گیانلەدەستداوی خۆیان، سومەیە ڕەشیدی، دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە، وڵامدەرنەبوونی ئەو بەرپرسانە لەهەمبەر داخوازییەکانیان و ڕێگری لە ڕاگواستنیان بۆ بەندیخانەی ئێڤین، بۆ ماوەی دوو ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەكانی مافی مرۆڤ، مانگرتنی ئەو ژنە سیاسییە بەندکراوانە، لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ۱۴۰۴ دەستی پێی کردووە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بووە.
سومەیە ڕەشیدی بەندکراوی سیاسیی ٤٢ ساڵە و کرێکاری کارگەی دوروومان کە لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤دا بەهۆی نووسینی دروشم لە تاران گیرابوو، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەردا و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە کۆما، کۆچی دوایی کرد.
هەر لەو پێوەدنییەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی دوو ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع، داوای داخستنی یەکجاریی ئەو بەندیخانەی کردبوو.