کۆمەلانی خەڵکی کوردستان!
فێرکارانی سەربەخۆی کوردستان!
رۆژی ٢٢ی فێوریەی هەموو سالێک وەک رۆژی جیهانی زمانی دایکیی ناودێر کراوە. پاش ئەوەی خوێندکارانی بەنگلادێشی لە ئاکامی مانگرتن بە هۆی پەراوێزخرانی زمانی بەنگاڵی لە لایەن حکوومەتی پاکستان درانە بەر دەسترێژ و کۆمەلێک لە خوێندکارانی بوونە قوربانی ، رێکخراوی کلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٢ی فێوریەی بە نیشانەی رێز گرتن لە قوربانیانی ئەو روداوە و بە ئامانجی پاراستن و گەشەی زمانەکانی جیهان کردە رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکیی. زمان ئامرازی پێوەندیی نیوان تاکەکانی کۆمەڵگایە و پردی گواستنەوەی شارستانیەت و عیلم و پێش کەوتن و زانستە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر و ئەمرۆکە جیهان کە وەک گوندێکی بچووک پێناسە دەکرێ بە بێ دودڵی زمان یەکێک لە ئامرازە سەرەکیەکانی ئەو پێش کەوتن و گۆرانکارییەیە. زمانی دایک یارمەتیدەری بنیاتنانی بیرو رۆناکبیری ناو کۆمەلگایە و هۆکاریکە تا خوورەوشتە کۆمەلایەتیەکانی نەتەوەییکی پێ بگوازریتەوە و مناڵ لە ریگەیەوە بە خۆناسین دەگات و هەست بە ناسنامەی نەتەوەیی دەکات و تواناکانی گەشە پێ دەدات.
جیاواز لەو تایبەتەمەندییە گرینگانە، زمان یەکێک لە توخمە پێکهینەرەکانی شوناسی نەتەوەییە و لەو سۆنگەوە بایەخ و گرینگیەکی تایبەتی هەیە لە ژیانی مرۆڤایەتی و لێسەندنەوە و بەربەست دروست کردن لەهەمبەر گەشە و پیش کەوتنی زمانی دایکی واتە هەوڵ دان بۆ لاوازکردن ونەهێشتنی پێناس و شوناسی نەتەوایەتی. رێک ئەو سیاسەتەی بە عەمدی لە لایەن دەوڵەتە ستەمگەرەکانەوە لە راست نەتەوە ژێر دەستەکان پەیرەو دەکرێ و لە رێگەی نەهێشتنی گەشەدان بە زمانی دایکی هەوڵی ئاسمیلاسیون و توانەوەی ئەو نەتەوانە دەدرێ. رژیمی ئاخوندی لەسەرەتای هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا ئەو سیاسەتەی لە راست گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد پەیرەو کردوە و سەرەرای ئەوەی بە ناو لە یەک دوو خاڵی یاسای بنەڕەتی ئاماژە بە خوێندن بە زمانی دایکی کراوە بەڵام تا ئێستا کاری پێنەکراوە و دەسەلات خۆی بواردووە لەو خاڵە و بوێری رێگە دان بە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی نەبووە. ئەوە لەکاتێدایە کە لە وەڵاتە پێش کەوتووەکان ئەو فرە نەتەوەیی و فرەزمانیە بە دەرفەتێک بۆ پێش کەوتن و گشەی زیاتری کۆمەڵگا و رازاوەیی و جوانی کلتووری دەزانن، بەلام بەداخەوە لە وەڵاتە دیکتاتۆرەکان و یەک لەوان رژیمی ئاخوندی ئەوە بە هەڕەشە و مەترسی دەزاندرێ و رێگەی کرانەوە و پێش کەوتن و کار پێکردنی ئەو زمانانە نادرێ.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە سەرەرای هەموو ئەو کۆت و بەندانە خەڵکی وریای کوردستان ئاستی وشیاری نەتەوایەتیان بە رێژەیێک بەرزە کە بە شێوەی سەربەخۆ کار بۆ گەشە و پێش خستنی زمانی دایکی دەکەن و خەباتێکی گەرمی سەربەخۆیانە لەو پێناوەدا لە ئارادایە کە بەداخەوە بەو حاڵەش دەسەڵات لە رێگەی گرتن و راوەدوونانی خەباتکارانی ئەو بوارە و یەک لەوان زارا محەممەدی کچی خەباتکاری خەڵکی شاری سنە کە هەوڵی پەرەدان بە زمانی دایکی ئەدا بەربەستی زیاتر لە راست ئەو پرسە دروست دەکات. بێ گومان یەکێک لە رێگەکانی بردنە پێشەوەی خەبات دژی ستەم و ملهورییەکانی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی گرینگی دان بە پرسی خوێندن و نوسین و فیربوونی زمانی زکماگیە و لە رێگەی خاوەنداریەتی لە تێرمە پێکهینەرەکانی نەتەوە روبەرووی هەوڵە نزۆکەکانی دەسەڵات بۆ لەناوبردن و تووانەوەی نەتەوەکەمان ببینەوە و ئەوە ئەرکی هەموو تاکێکە لەو پێناوەدا کەمتەرخەمی نەکات و خەباتێکی هەمەلایەنەی رووناکبیری و نەتەوەیی لەو پێناوەدا پێش بخرێت. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران رێز دەگرێ لە رۆژی جیهانی زمانی دایکیی و لەو رۆژەدا پێداگری لەسەر بایەخی لەرادەبەردەری زمانی دایکی دەکاتەوە و داوا لە کۆمەلانی خەڵکی کوردستان دەکات لە رێگەی فیربوون و شارەزایی لە زمانی دایکی ئەو بواری خەباتی کلتووری و رووناکبیری و نەتەوایەتیە بەرەو پێش ببەن. زمانی دایکی دەپارێزین چونکە شوناسی نەتەوەییمانە.
برووخی رژیمی ئازادی کوژی ئاخوندی و ئازاد و ئاوەدان بێ
کوردستان سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی
20/2/2020