سامان محەممەدی خیارە، زیندانیی عەقیدەتیی کورد لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە درا
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەزگای قەزایی، لەسێدارەدانی سامان محەممەدی خیارە، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی سنەی ڕاگەیاند.پێشتر سەرچاوەكانی هەواڵ ڕایانگەیاندبوو كە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، ناوابراو بۆ جێ بەجێ کردنی حوکمی ئێعدام، بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج ڕاگوێزرا.سامان محەممەدی خیارە ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرا و بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بەسپای ترۆریستی پاستاران لە سنە و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بۆ دەرهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ تووشی شکەنجەی جەستەیی و دەروونی کرابوو.دوای گیرانی، پەخشی ڕژیمی ئاخوندی ئێران فیلمێکی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو و چەند زیندانییەکی دیکەی بڵاو کردەوە.پاشان لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ڕژیمی ئاخوندی لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی “محارەبە لە ڕێگەی گرووپە ئایینییەکان” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.