پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە، رایانگەیاند، پلانێکیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچەران لە بەریتانیا ئامادە کردووە کە هاوشێوەی سیاسەتی کۆچەرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە و بەگوێرەی ئەو پلانە رێگە بە دیپۆرتکردنەوەی 750 هەزار کۆچەری نایاسایی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەدات.بەگوێرەی ئەو پلانەی بەرپرسانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە کە لەگەڵ دەستپێکی کۆنفرانسی ساڵانەی پارتەکەدا ئاشکرایان کرد، ئەو پارتە سیاسییە بەڵێنیداوە ئەو کۆچبەرانە بکاتە ئامانج و دیپۆرتیان بکەنەوە کە بەنایاسایی دەچنە نێو بەریتانیاوە.