شه‌ممه‌ 

1 خاکه‌لێوه‌ 

2726
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ئەدەبیاتی کوردی شۆناسی نەتەوەی کوردە

ئەدەبیاتی کوردی شۆناسی نەتەوەی کوردە
رێناس فەلەکی

 ئەدەبیاتی کوردی نەک تەنیا میراتی وشەکان و ئاوازەکانە، بەڵکوو پەناگای ڕۆحی میللەتی ئێمەیە لە بەرانبەر سیاسەتی ئەو نەیارانەی کە ویستی لەناوبردنی کلتور و مێژوومانیان هەیە. لە چوار پارچەی کوردستان; ڕۆژهەڵات، باشور، ڕۆژئاوا و باکور، هۆنڕاوەو چیرۆک و موسیقا، زمانی خۆڕاگری و ئەوینە. لە ڕۆژهەڵات، شاعیر و نوسەران، وێڕای ئەوەی لەژێر فشاری سەرکوتی کلتوری حکومەتی ئێرانن، هێشتا بەزمانی دایکییان دەنوسن تا بیسەلمێنن کە کلتور و کەلەپوور ناکوژرێتەوە. لەباکور، وێڕای سیاسەتی بەتورک کردنی دەوڵەتی ئانکارا، شاعیران و ڕووناکبیران بە قەڵەمەکانیان سنورەکانیان بەزاندوەو خۆڕاگرانە بەرگری لە کوردبوونیان دەکەن. لەڕۆژئاوا، ژنانی نووسەر شیعر و ئاوازیان کردوەتە چەکێک بۆ بەرگری لە ئازادی و بەرابەری و سڕینەوەی بیری داعشەکان. لەباشوور، ئەدەبیات ڕێگەی خۆی بۆ زانکۆوەکان و دامەزراوە فەرمیەکان کردۆتەوەو بوەتە ئەساسێک بۆ نۆژن کردنی کلتوری کوردی. ئەدەبیاتی کوردی، هونەرمەندان و بەرهەمە هۆنەریەکانیان، دەیسەلمێنێت کورد مێژوویەکی کۆن و پتەوی هەیە. لە ئەحەدی خانی و مەلای جزیری تا ناڵی و مەحوی، لە هێمن و عەبودوڵا پەشێو تا شیرین و هەژار و دڵدار، هەموویان پارێزەرانی فەرهەنگی ئێمە بوون. هەموو ئەمانە لەسەردەمی خۆیاندا لەبەرانبەر شەپۆلی وێرانکەری دژە کلتوری کورد وستاون و پارێزگاریان لێی کردوە. ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا عەشقی تێکەڵ بە فەلسەفەی نەتەوەپەروەری کرد و دەڵیت: ئەگەر ئێمەش فەرمان و توانامان بوای، چیدی کەس ئەمری پێی نەدەکرد. ئەو ڕێچکەیە ئێستاش پەیڕەوی نەوی ئەمڕۆیە، نەوەیەک کە فێر بووە نەتەوە بوون تەنیا خاوەن خاک بوون نیەو میللەت بە پارێزگاری لە زمان و کلتوری مانادار دەبێ. ژنان لە کوردستاندا یەکێک لە ڕۆڵگێڕە سەرەکیەکانی پاراستنی ئەو کلتورە خۆماڵیانەن. لەماڵەکاندا دایکان بە لای لای وتنی دایکانەی خۆیان، یەکەم وانەی کوردی بە منداڵەکانیان وتووەتەو، ژنانێک لە خوێندەوار نەبوون، بەڵام میراتی زارەکی نەتەوەکەیان سینە بە سینە بۆ نەوەی داهاتوو گواستۆتەوە. ئەمڕۆژەش نوسەران و شاعیرە ژنەکان، دەنگی نوێی ئەدەبیاتی کوردین. دەنگانێک کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هەوڵ ئەدەن بە جیهان بیسەلمێنن کە کورد کەمایەسی نییەو میللەتێکە کە خاوەنی مێژوو، کلتور و کەلەپووری تایبەتی خۆیەتی. زمان و ئەدەبیات هەر ئەو پردەیە کە نەتەوەی کورد لە پارچەکانی کوردستان بەیەکتر پەیوەند ئەدات. سەرەڕای بوونی سنورە سیاسیەکان، ئەدەبیات و زمانی کوردی توانیویەتی یەکگرتووی کلتوریمان بپارێزێت. وەک چۆن شیعەرەکانی هێمن لە مەهاباد و قامیشلو، لە هەولێر و دیاربەکر دەخوێنرێنەوەو شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، لە دەهۆک و مەریوان، ماردین و عەفرین دەخوێنرێتەوە. ئەو یەکگرتووی کلتوریە ئەساسی نەتەوەیەکەی بێ دەوڵەتە، بە ئەدەبیاتێکی جیهانیەوە. وەک چۆن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ساڵانێکە حکومەتەکانی ئێران سیاسەتی هەوڵ بۆ دەوڵەت نەتەوە کردنی زۆرەملێ ئەو وڵاتە ئەدات و لەو ڕێگەوە بەنیازی لەناو بردنی کلتوری فرەچەشنی و فرە ڕەنگی وڵاتەکەیە. لە قەدەغە کردنی فێرکاری زمانی دایکی لە قوتابخانەکان تا سانسور بەرهەمە ئەدەبیەکان، هەمووی بۆ لەناوبردنی شۆناسی کوردیە بۆ سەپاندنی مێژوویەکی خوازراوی دەسەڵات بەسەر کلتوری ڕەسەنی کوردیدا. سیاسەتێک کە شکستی هێناوەو هەر جارە کە کتێبێک قەدەغە دەکرێت، دایکان بە خوێندنی چیرۆکێکی کوردی بەگوێی منداڵەکانیان، جێگەی دەگرنەوە. پاراستی ئەدەبیاتی کوردی تەنیا لە ئەستۆی شاعیران و نوسەران نیە، بەڵکوو ئەرکی هەر تاکێکی کوردی نەتەوە پەروەرە. دەبێ زمانمان بنوسینەوە، بخوێنین، فێرکاری بکەین و پەرەی پێی بدەین و بیبەین هەتا ئاستی زانستی میدیاو زانستگاکان. دەبێ بزانین کە ئەدەبیاتی کوردی نەک تەنیا هەر میراتی کۆنی نەتەوەکەمانە، بەڵکوو ئەمرازی چاوکراوەیی ئەمڕۆی ئێمەیەو ئەگەر لەدەستی بدەین، نەتەوەکەمان لەدەست ئەدەین. من ژنێکی کوردم، لە نەتەوەیک کە هیشتا بۆ ئازادی وشەکانی تێدەکۆشێ. باوڕم وایە کە نەتەوەیەک کاتێک ئەبەزێ کە کلتوری نەبێت و زمانی بکوژێتەوە. بەڵام ئێمە داگرساو دەمێنین و ناکوژینەوە، چونکە بە وشەکانمان و بە نوسینەکانمان، بەخوێندن، بە فێربوون و فێرکردن خەبات بۆ فەرهەنگ و کلتورمان دەکەین. ئەدەبیاتی ئێمە، بیرگەی زیندووی نەتەوەکەمانەو تا ئەو کاتەی کە ژنێک هۆنڕاوەیەک بە زمانی دایکی بخوێنێتەوە، نەتەوەکەمان زیندوو دەمێنێت.

5 مانگ و 8 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 29 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ئەدەبیاتی کوردی شۆناسی نەتەوەی کوردە

ئەدەبیاتی کوردی شۆناسی نەتەوەی کوردە



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن