ئیسرائیل و حەماس بارمتە و زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کەمێکی دیکە پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە غەززەن، دەستپێبکات. کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور بەرەو شاری غەززە بەڕێکەوتووە بۆ وەرگرتنی بارمتەکان لە حەماس کە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن. حەماس ناوی 20 بارمتەی زیندووی ئاشکرا کردووە و ئەمڕۆ رادەستیان دەکاتەوە. ئیسرائیلیش دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی. لە کۆی ئەو 48 بارمتەیەی لە غەززەن، حەماس رایگەیاند، لە گەڕی یەکەمدا 20 بارمتەیان بە زیندوویی ئازاد دەکات. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەلەستینی رایگەیاندووە، حەماس بە نێوەندگیرانی وتووە رەنگە نەتوانێت رۆژی دووشەممە تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی دەستیان پێیان ناگات.