دەیان چالاکوانی خوزستان دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لەسێدارەدان گیراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کارون ڕاپۆرتی دا کە دەیان چالاکوانی فەرهەنگی، شاعیر و هونەرمەندی عەرەبی ئەهوازی لە شارە جیاجیاکانی خوزستان بانگکراون یان گیراون، بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزییان لەگەڵ خانەوادەی شەش گەنجی عەرەبی ئەهوازی کە لە یەکی ڕەزبەری ١٤٠٤ لەسێدارەدران. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، پۆلیسی فەتای ڕژیم لە پەیوەندییەکانیاندا ئەم کەسانەی بە "بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی ورووژێنەر" و "بانگەشە دژی ڕژێم" تۆمەتبار کردووە.لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گیرانی عەباس دەغاغڵە، ڕاپەری ٢٢ ساڵەی خەڵکی ئەهواز کە بە ڕەشاش ناسراوە، و فارێس کەرەموڵڵا کەعب، وێنەگر و چالاکوانی فەرهەنگی ئەهوازی. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کارون وێڕای "دەربڕینی نیگەرانییەکی زۆر لە بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی هونەری و چالاکوانانی فەرهەنگی عەرەب لە ئەهواز"، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەوان و "ڕاگرتنی پڕۆسەی بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن"ی کرد.