لە ڕووداوێکی دیکەی مردنی خوێندکاران لە قوتابخانەکان لەم ساڵی خوێندنە نوێیەدا، زەهرا گولمەکین، خوێندکارێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە مەشهەد، بەهۆی ئەوەی کە بە "وەستانی دڵ" ناودەبرا، کۆچی دوایی کردوە. میدیاکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر بڵاویانکردەوە کە زەهرا، خوێندکاری پۆلی چوارەمی قوتابخانەی کچانی شێخ سەدوق لە ناوچەی تەبادکانی مەشهەد، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر لە پۆلدا "لەناکاو تووشی وەستانی دڵ بووە". محەمەد ڕەهنم، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە زاری مامۆستای پۆلەکەوە وتی کە دوای لێدانی زەنگی پشوو و کاتێک منداڵەکان لە پۆل دەچوونە دەرەوە، ئەم خوێندکارە هاوسەنگیی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە سەر زەوی. بەدوای ئەم ڕووداوەدا، مامۆستاکە چووەتە لای خوێندکارەکە و دەستبەجێ پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە کردووە. بە وتەی ڕەهنم، تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵی زیندووکردنەوەیان داوە و باری خوێندکارەکە کەمێک باشتر بووە: "واتە کاتێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، نیشانەکانی ژیانی هەبووە، بەڵام دوای نیو سەعات، بەپێی دەستنیشانکردنی پزیشکان بەهۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کردوە."