فرۆشتنی منداڵێکی سێ مانگە لە کرماشان بەهۆی هەژارییەوە
منداڵێکی سێ مانگە لە لایەن دایک و باوکییەوە بە هۆی هەژاری و نەتوانین لە دابینکردنی خەرجییەكانی ژیان، لە شاری کرماشان بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بە خانەوادەی دیکە فرۆشراوە.بە پێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مروڤی کوردستانی ئیران، لەم حەوتووانەی دواییدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان ، لە لایەن خانەوادەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە. ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتیی کڕین و فرۆشتن «دیوار» جێبەجێ کراوە.خانەوادەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری شاباد بوون و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی، ناچار بوون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن. خانەوادەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵی كڕینی ئەو منداڵەیان داوە.