چەند دزێک کە ئامێری بڕینی کارەباییان پێبوو، لە رووناکیی رۆژدا چوونە سەر مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس و چەندین گەوهەری "بەنرخیان" لە گەلەرییەکدا دزی، کە گەوهەرەکانی تاجی فەرەنسای تێدا نمایشکرابوو. دوای دزییەکە، یەکێک لە پارچە دزراوەکان، کە تاجێکی سەدەی نۆزدەیەمە، بە شکاوی لە نزیک مۆزەخانەکە دۆزرایەوە.رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، "سێ یان چوار" دز بە بەکارهێنانی بارهەڵگرێکی مۆبیلیات (کرێنێکی بچووک) خۆیان گەیاندووەتە نهۆمی یەکەمی مۆزەخانەکە و توانیویانە دوو شووشەبەند بشکێنن و چەندین پارچەی "بەنرخی مێژوویی و کولتووری" بدزن.