دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ڕەئوف فەرۆخی و ڕەحیم ڕەحمانی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سپای ترۆریستی پاسدارانی ڕژیمی ئاخوندی ئێرانەوە گیراون و بۆ گرتوخانەی ئەو دامەزراوەیە لە شاری ورمێ گواستراونەتەوە.بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکان ڕۆژی پێنجشەممە، ڕەئوف فەڕۆخی، لە ماڵی خۆی لە شاری پیرانشار و ڕەحیم ڕەحمانی خەڵکی گوندی “زەنگیاوێ” سەر بە ئەو شارە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا گیراون. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاتی گرتنی ئەو هاووڵاتیانەدا بە ئامانجی ترساندن چەند پەهبادیان بەسەر ماڵەکانیاندا بەکارهێناوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵی ڕەئوف فەرۆخییان شکاندووە. هەروەها دەستیان بەسەر بڕێک کەلوپەلی تایبەتی ئەندامانی خانەوادەی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتوە. هیشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆی گیران و تۆمەتەکانی دژیان و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.