محەمەدعەلی ئەکبەریمونفەرد، زیندانی سیاسی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە قۆڵبەست و پێبەستەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە
محەمەدعەلی ئەکبەریمونفەرد، زیندانی سیاسی خاوەن پێداویستی تایبەت، پاش زیاتر لە ٩ مانگ لە بەندکرانی، هێشتا بە شێوەیەکی نادیار لە زینداندا ماوەتەوە. ناوبراو لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەی لەلایەن کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گیراون و لە سێ مانگی ڕابردوودا بەهۆی نەخۆشییەوە بە قۆڵبەست و پێبەستەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو. ئەمیرحسێن ئەکبەریمونفەرد، کوڕی ئەم زیندانییە سیاسییە کە خۆیشی لە زیندانی گەورەی تاران زیندانییە، لە فایلێکی دەنگیدا لە زیندانەوە داوای لە خەڵک کرد کە ببنە دەنگی ئەو و باوکی کە چەندین مانگە چارەنووسیان نادیارە.بە وتەی ئەو زیندانییە سیاسییە، باوکی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەودا سکاڵای یاسایی لەسەرە و ماوەی سێ مانگە بەهۆی هەوکردنی توندی قاچی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە؛ هەوکردنێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی بڕینەوەی قاچی.ئەکبەریمونفەرد زیادی کرد کە دانیشتنی لێکۆڵینەوەی باوکی تا ئێستا بەهۆی خراپی باری جەستەیی و خەواندنی لە نەخۆشخانە ئەنجام نەدراوە و هەر ئەمەش وای کردووە کە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەیان بووەستێت و هێشتا بە شێوەیەکی نادیار لە زینداندا ماونەتەوە.