گوتێرێز داوای کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی کۆمەڵکوژی سەربازی لە سوودان دەکات
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە داوای کۆتاییهێنان بە "پەرەسەندنی سەربازی" لە سوودان کرد، ئەمەش دوای بەکۆمەڵکوشتنی زیاتر لە 460 کەس لە نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە شاری ستراتیژیی فاشر لەلایەن چەکدارانی سەربە هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە.لە رۆژی یەکشەممە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا شاری فاشریان کۆنترۆڵکردووە. فاشر 18 مانگ بوو لە ژێر گەمارۆی تووندی هێزەکانی پشتیوانیی خێرادا بوو؛ خۆراک و یارمەتییەکانی پێ نەدەگەشت. شارەکە دوایین شاری گەورەی هەرێمی دارفوور بوو، کە لەژێر دەستی سپادا مابووەوە. چەکدارانی سەربە هێزی پشتیوانی خێرا، کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە بە جینۆساید تۆمەتبار کراوە، لە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکەوە، ویدیۆی خۆیان لە کاتی بە کۆمەڵکوشتنی سەدان کەسی سڤیل لە شوێنە جیاجیاکان بڵاوکردوونەتەوە.