رێگری لە ناردنی گاردی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پۆرتلاند کرا
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری دا بڵاوکردنەوەی هێزەکانی گاردی نیشتمانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆن "نایاساییە" و فەرمانی کرد، بە شێوەیەکی هەمیشەیی رێگریی لێبکرێت. ئەم بڕیارە بە شکستێکی یاسایی گەورە بۆ هەوڵەکانی ترەمپ دادەنرێت، کە دەیەوێت هێزی سەربازی لە شارەکانی وڵاتدا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بەکاربهێنێت.سەرۆکە کۆمارییەکە، لە ئەمساڵدا گاردی نیشتمانی رەوانەی سێ شاری ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکان کردووە، کە بریتین لە لۆس ئەنجلس، واشنتنی پایتەخت و مێمفیس، بەڵام هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی سەرباز لە پۆرتلاند و شیکاگۆ رووبەڕووی رێگریی یاسایی بوونەتەوە.ترەمپ، بۆ ئەوەی پاساو بۆ ناردنی هێز بهێنێتەوە، چەندین جار شاری ئۆریگۆنی بە "ناوچەی جەنگ" و شوێنێکی پڕ لە تاوانی تووندوتیژ وەسفکردووە و رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نییە.