واشنتن ڕۆڵی ئیسرائیل لە ئاگربەستی غەززە "پەراوێز دەخات"
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕۆڵی ئیسرائیل لە پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە پەراوێز دەخات.ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ڕۆڵی لاوەکی دەگێڕێت لە بەرامبەر ئەمریکا لە ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی لە کیریات گات، کە ئاگربەست لە غەززە بە بەشداری لانیکەم 12 وڵات چاودێری دەکرێت.بەپێی ڕۆژنامەکە، ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی دەکەوێتە باشوری ئیسرائیل، بەنیازە ببێتە بارەگای هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی (ISF)، کە غەززە بەڕێوەدەبات وەک بەشێک لە پلانی تۆکمەی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەمریکا هەوڵدەدات لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەڕێگەی دەنگدانێکەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا جێگیری بکات.