هەشتی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان، لە هەموو ئازادیخوازان و ستەم لێکراوانی کوردستان و کەسانی خاوەن هزری یەکسانی خوازی و داکۆکیکاری م
ئافرەتانی خۆڕاگر و تێکۆشەر !
هەشتی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان، لە هەموو ئازادیخوازان و ستەم لێکراوانی کوردستان و کەسانی خاوەن هزری یەکسانی خوازی و داکۆکیکاری مافی ڕەگەزایەتی، پیرۆزبێ.
هەشتی مارس ڕەمزی خۆڕاگری و چاونەترسی و ئازایەتی ئافرەتانی بە هەڵوێست و زیندوو، خاوەن ئەقڵی بەرابەری خوازی و پێگەیشتوویە و جیاوازترین ڕۆژی مێژوویی بزوتنەوەی ئافرەتانە، بۆ نا وتن بە ناعەداڵەتی و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکانی بەردەم ئەو ڕەگەزەو لە دژی چەوساندنەوە.
بەداخەوە ئافرەتان بەبەردەوامی ستەمیان لێ دەکرێ، لە لایەن کۆمەڵگاو و خێزان و هەروەها دەسەڵات و سیستمە دیکتاتۆرەکان. ئەمەش وایکردووە کە ئەو چینە بەردەوام لە خەبات و تێکوشاندابێ بۆ بەرەنگاری لە ماف زەوتکردن و نەهامەتیەکانی سەری و هەوڵدان بۆ ئەوەی وەک تاکێکی خاوەن ماف و هۆشیار و تەواوکەری گۆمەڵگا بوونی خۆی بسەلمێنێ.
ئافرەتانی هۆشیار و بەهەڵوێست،
ئەمڕۆکە لە ئێرانی بندەستی ئاخوندانی داپڵۆسێنەر، لەگەڵ کۆمەڵە قەیران و مەینەتیەک ڕووبەڕوون کە ئەو سیستەمە دیکتاتۆرە لەگەڵ هاتنە سەرکاری بە یاسا بۆ کۆمەڵگای هێناوەو کاری پێ دەکات.
لە سایەی ئەو سیستم و دەسەڵاتەوە ناتوانن وەک تاکێک و ڕەگەزێکی کاریگەر دەورو نەقشیان لە هیچکام لە ڕەهەند و پێکهاتە و کۆی گشتی وڵاتدا هەبێت، لەبات وەگەڕخستنی تواناو لێهاتووییان، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی گەڕاندنەوەیان بۆ قۆناغەکانی دواکەوتووی و کۆیلایەتی و ....هتد دەدرێت.
ئافرەت لەناو کۆمەڵگای ئێراندا تا ئێستاش لە پێناو بە دەست هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی دەبێ باجی یەکجار گەورە بدات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەریت و یاسا چەوت و ناعادیلانەکان، بەردەوام لە خەبات دا بێت و ئەو ڕەوتەی ژیانی ئاسایی هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا پێیدا دەڕوا، بۆ ئەو چینە، هەمان ڕەوت نیە و دژوارە. دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتە دا ماوەی چل ساڵە خەڵکی خستۆتە ژێر فشارو خراپترین سیستم و یاسا پێڕەو دەکات لە بەرانبەر خەڵکی بەگشتی و ئافرەتان بەپلەی یەکەم . دۆخی ئافرەتی کورد چەند پاتە دژوارەو هۆکارەکانی پێشکەوتن و خوێندن و پێگەیاندنی چینەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و بۆ ئافرەتان وەک پێویست نیەو خوێندنگەو خزمەتگوزاریەکانی، سەدەی ناوەڕاستین و هەر ڕۆژە بە شێوەیەک ئەو چینەو خەڵکەکەی باجەکەی دەدەن. ئەوەی جێگەی خۆشیە لەگەڵ هەموو ئەو دۆخە ناهەموارە ئافرەتان زۆر هۆشیار و خاوەن هەڵوێست و ئازاو چاونەترسن و بە بەردەوامی ڕاپەڕیون و بێزاری خۆیان لەو دەسەڵاتە دەربڕیوە و هەمیشە پێشەنگن و لەسەفی پێشەوەی ئەو ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیانە دا بوون و جار لەگەڵ جاریش دەستکەوتی تازەو جۆراو جۆر و هەروەها بەپێی ڕاپەڕینەکان و قۆناغ دوای قۆناغ هەنگاوی تازەو جیاوازیان خستۆتە سەر لاپەڕەی مێژووی بروتنەوە بەرحەق و ڕەواکەیان.
کە بێگومان ئەو دەستکەوتە مێژووییانەش بە قوربانی دان و فیداکاری و شەهیدبوون لەو ڕێگەیەدا بە دەست هاتوون و جێگیر بوون.
هەربۆیە ئەوە ئەرکی ئێمە زۆر بەرفراوانتر دەکاتەوە لە پێناو بەردەوامبوون لەسەر خەبات و تێکۆشان و وێستانەوە لە بەرانبەر ستەم و چەوساندنەوە و ناعەداڵەتی و هەمیش ڕێزگرتن و زیندوو هێشتنەوە و بەردەوامی دان بەو دەستکەوت و ڕۆژە مێژوییە گرنگانەی کە ئافرەتان بە خەبات و قوربانیدان تۆماریان کردووە و دەیکەن.
بە ئومێدی سەرکەوتن و پیرۆزی خەباتی نەپساوە و ڕەوای ئافرەتانی هۆشیار و تێکۆشەر.
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
17ی ڕەشەممەی 1398