کوشتنی ژنێکی گەنج لە تاران
پۆلیسی ڕۆژئاوای پارێزگای تاران ڕایگەیاند کە ژنێکی گەنج بە ناوی مبینا زارع کە خێزانەکەی لە یەکی خەزڵوەردا دیارنەمانیان بە پۆلیس ڕاگەیاندبوو، لەلایەن خۆشەویستەکەی پێشوویەوە لە شوێنێکی نادیاردا کوژراوە و گومانلێکراوەکەش لە هەمان ڕۆژدا لە وڵات دەرچووە.پۆلیس ڕایگەیاند کە تەرمی مبینا زارع لە سێی خەزڵوەردا لە باخچەی باوکی بکوژەکە لە ڕەباتی کەریم دۆزرایەوە.بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، مبینا زارع، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی مێهر لەلایەن خۆشەویستەکەی پێشوویەوە بە ناوی "موجتەبا" لە کارگەی باوکی کوژراوە و دوای کوشتنەکە، تەرمەکەی لە کوورەی ئەلەمنیۆمی هەمان کارگەدا سووتێنراوە.بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێکی زۆری تەرمی ئەم ژنە سووتاوە و ناسینەوەی ئەستەم بووە.لە ساڵانی ڕابردوودا، حاڵەتەکانی ژنکوژی لە ئێراندا زیادی کردووە و بەشێکی بەرچاویشی لە ژێر ناوی "کوشتنی نامووسی"دا ڕووی داوە.مای ساتۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، لە چواری مێهردا لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە حاڵەتە زۆرەکانی ژنکوژی لە ئێراندا هۆشداری دا کە نەبوونی یاسایەکی گشتگیر دژی توندوتیژی خێزانی و تاوانبارنەکردنی "دەستدرێژیی هاوسەرگیری"، زەمینەی بۆ توندوتیژی زیاتر دژی ژنان خۆش کردووە.