تەقینەوەی مینێک لە سنووری نۆسود؛ کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ قاچێکی پەڕی
پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی، خەڵکی گوندی "بازان" سەر بە شاری جوانڕۆ، لە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴، لە سنووری نۆسود بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوو.بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە لە ناوچەی "تاقەدار"ی نۆسود، سەر بە شاری پاوە ڕووی داوە و لە ئەنجامدا عەبدوڵڵاهی قاچی ڕاستی لە دەستداوە. ناوبراو دوای ڕووداوەکە بۆ چارەسەر گەیەندرایە ناوەندە پزیشکییەکان.پێشتر لەم پەیوەندییەدا، ناسر ڕەحیمی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "منێجەڵان"ی بانە، دوای ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتوبری ٢٠٢٥ لە ناوچەی سنووری "هەنگەژاڵ" لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە دوای کەوتبوو، چوو بووە ناوچەیەکی مینڕێژکراو و قاچی بە سەختی بریندار ببوو. ناوبراو دوای خەواندنی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، قاچی لە دەستدا.ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هێشتا بە تەواوی لە مینەکانی ماوەی جەنگی ڕژیمی ئێران و عێراق پاک نەکراونەتەوە و ساڵانە ژمارەیەک کۆڵبەر و هاووڵاتی دەبنە قوربانی تەقینەوەی ئەو مینانە.