سەرۆک کۆماری فیلیپین باری نائاسایی ڕادەگەیەنێت
سوپەرتایفۆن "فۆنگوۆنگ" بە پلەی ٥، ئێوارەی یەکشەممە لە پارێزگای ئاورۆرا گەیشتە وشکانی و بای تا ١٨٥ کیلۆمەتر لە سەعاتیک دا و بارانێکی زۆری لەگەڵدا بوو، کە گوندەکانی ژێرئاو خست، بیناکانی کارەبای ڕووخاند و بووە هۆی داڕمانی زەوی. لە هەندێک شاردا کارەبا بە تەواوی بڕا و سەدان گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە دوای گەردەلوولی کوشندەی "کالماگی" لە حەوتویی ڕابردوودا خۆی بۆ زیانی زیاتر ئامادە دەکرد. فێردیناند مارکۆس جونیۆر، سەرۆک کۆمار، دوای وێرانکارییە بەربڵاوەکان باری نائاسایی ڕاگەیاند؛ ڕێگەکان شۆردرانەوە و وێران بوون و ئاو ماڵەکانی ڕاماڵی. تا ڕۆژی دووشەممە، ئەو گەردەلوولە لەسەر دەریای چینی باشوور لاواز بوو، بەڵام کەشناسەکان هۆشداریاندا کە بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان و بای بەهێز هێشتا دەتوانن ناوچە کەناراوەکان بخەنە مەترسییەوە.