موجاهید باڵدی، باوکی ئەحمەد باڵدی، گەنجێکی ئەهوازی کە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مامەڵەی توندی کارمەندانی شارەوانی لەگەڵ خێزانەکەیدا خۆی سووتاند و کوژرا، لە مەراسیمی پرسەی کوڕەکەیدا داوای دوورخستنەوەی بەرپرسانی شارەوانی کرد. ناوبراو وتی ئەگەر نا، ئەوا یەک بەیەک ئەندامانی خێزانەکەی خۆیان دەسووتێنن.لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە ئێوارەی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "تەرمەکە وەرناگرین و پرسە دانانێین تاوەکو ئەمین و شەمس لەم شارە نەڕۆن."موجاهید باڵدی ئاماژە بە ڕەزا ئەمینی، سەرۆکی شارەوانی ئەهواز، و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی شارەوانی بە ناوی شەمس دەکات کە دەستیان هەبووە لە بڕیاردان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانییە بچووکەکان و گرتنی کەسەکانی ئەو شارە.هەروەها بە ئاماژەدان بە خێزانە هەشت کەسییەکەیان، دەڵێت: "ئەگەر ئەوان لەم شارە نەڕۆن، نۆرەی منە کە خۆم بسووتێنم."ئەحمەد باڵدی، لە ١٤ی خەزەڵوەردا لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕووخاندنی دووکانی خواردنفرۆشی خێزانەکەی لەلایەن کارمەندانی شارەوانی ئەهوازەوە، خۆی سووتاند و ڕۆژی سێشەممە بەیانی بە کاتی ناوخۆیی لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.