لاڤرۆڤ: ئەوروپا خۆی بۆ شەڕێکی گەورە لەدژی ڕوسیا ئامادە دەکات
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ شەڕێکی گەورە لەدژی ڕوسیا، داوای لە ئەمریکا کرد هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکانی ئۆکراین.سێرگی لاڤرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدا کە "ئەوروپا تەواوی هەوڵەکانی ئاشتی تێکدەدات و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ ڕەتدەکاتەوە. ئەوان سزای نوێ دەسەپێنن کە زیاتر كاریگەری لەسەر ئابوری خۆیان دەبێت، و بە ئاشکرا خۆیان بۆ شەڕێکی گەورەی نوێ لە دژی ڕوسیا ئامادە دەکەن".ئاماژەی بەوەشکردوە، مۆسکۆ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەستپێبکاتەوە. هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە داوای گفتوگۆی لەگەڵ ڕوسیا کردوە، هەوڵیداوە بە تەواوی لە هەڵوێستی ڕوسیا سەبارەت بە ئۆکراین تێبگات و "پابەندبونی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام و ئاشتیانە" نیشانداوە.