میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ وەزارەتی جەنگ، تێچوی نزیکەی دو ملیار دۆلار دەبەێت لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەكاتێكدا ئەو بانگەشەی كەمكردنەوەی خەرجیەكان دەكات.تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگاداری خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی تێچوی ئەگەری گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەیەوە بڵاوكردەوە، ئەو گۆڕانکارییە پێویستی بە گۆڕینی هەزاران تابلۆ، پۆستەر، کاغەز و لۆگۆی فەرمی دەبێت، هاوکات لەگەڵ هەمو ئەو شتانەی کە ناوی وەزارەتی بەرگری لە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەگرن.بڕیارەکە پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە، و ئەگەر کۆنگرێس ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوەکە دەرببڕێت، ئەوا تێچوی چاپکردنی تابلۆ فەرمییەکان بە تەنها لەوانەیە بگاتە ملیارێک دۆلار. لە کاتێکدا کە دوبارە بەرنامەکردنەوە ماڵپەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، و سیستەمە سۆفتوێرییە نهێنی و نافەرمییەکان لەوانەیە بڕێکی زۆر پارەی تێبچێت.