بەرپرسێکی باڵای سەردەمی ئەسەد گیرا
وەزارەتی ناوخۆی سوریە، گیرانی عەمید هەمزە محەممەد یاسینی ڕاگەیاند، کە ئەفسەرێکی باڵای هێزی ئاسمانی بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە چەندان پارێزگا لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سوریە.بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەما، بە هاوکاری لەگەڵ یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی وردیان ئەنجامداوە و بووەتە هۆی گرتنی عەمید یاسین. ناوبراو بەگوێرەی فەرمانی گیران کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەرچووبوو، داواکراو بوو بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکاری گەورە بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل."