لە کاردانەوە بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداوی فارس لەلایەن سپای ترۆریستی پاسدارانەوە، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری ئێکس نووسیویەتی، ڕژیمی ئێران "وەک حوسییەکان، وەک گرووپیکی چەتەی دەریایی ڕەفتار دەکات و ئاسایشی ڕێگە دەریاییەکان دەخاتە مەترسییەوە". ناوبراو ڕژیمی ئێرانی به هەڕەشه بۆ سەر ئاشتیی جیهانی و بازرگانیی نێودەوڵەتتی وەسف کرد و خوازیاری ئەوە بوو که "جیهانی ئازاد دەستبەجێ سپای ترۆریستی پاسداران وەك ڕێکخراوێکی ترۆریستی بناسێنێت." هاوکات ئیدمونت فیتۆن-براون، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە یەمەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئەم بێسەروبەرییە لە دەریا پێویستی بە کاردانەوەی سەربازی هەیە. کاتی نوقمکردنی بەلەمەکانی سپای پاسداران هاتووە." هێزی دەریایی سپای ترۆریستی پاسداران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندوە کە نەوتهەڵگری "تالارا"یان دەستبەسەردا گرتووە، کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردبوو. ئەو نەوتهەڵگرە لە ڕێگادا بوو بۆ سەنگاپوور