سینارۆی زنجیرەیی بێسەروشوێنبوونی ژنان لە ئێران
دوو ژنی گەنج لە ماوەی مانگێکدا بە شێوەیەکی گوماناوی لە گەڕەکێکی شاری ئابادان بێسەروشوێن بوون. ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ڕاپۆرتێکدا ئەگەری زنجیرەیی بوونی ڕووداوەکانی بێسەروشوێنبوونی مەرزیە ئەلبوغوبێش و ستارە حەیدەری وروژاند.زیاتر لە مانگێک بەسەر بێسەروشوێنبوونی مەرزیە و ستارەدا تێپەڕیوە، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەسەر چارەنووسیان بەدەست نەهاتووە و نیگەرانییەکی گشتی لەم شارەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.هەردووکیان لە شەودا لە گەڕەکێکی هاوشێوە و لە نزیک "پارکی شاپور" و شەقامی "ئەمیری" بێسەروشوێن بوون؛ ڕووداوێک کە هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەیاندووەتە ئەگەری زنجیرەیی بوونی ئەم ڕووداوانە.ڕۆژنامەی ئیعتماد ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر نووسیویەتی، لە ڕوانگەی تاوانناسییەوە، کاتێک "کات"، "شوێن"، "شێوازی ڕۆیشتن" و "ڕێڕەوی جووڵە" لە نێوان چەند دۆسیەیەکی هاوشێوەدا، ئەگەری ڕوودانی سیناریۆیەکی زنجیرەیی دێتە ئاراوە.تا ئیستا، پۆلیس هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان ئەم دوو دۆسیەیەدا ڕانەگەیاندووە و تەنها وتوویەتی کە "لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان" بەڕێوەدەبات.