بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو بونەتەوە ، کارمەندانی کۆمپانیای ئاوی تاران ئاگادارییەکیان لەسەر دیواری یەکێک لە باڵەخانەکان هەڵواسیوە کە تێیدا بە دانیشتووان ڕاگەیەندراوە لەمەودوا دەبێت ٢٥٪ زیاتر پارەی ئاو بدەن.ئەم کارە جارێکی دیکە ئەوە دەردەخات کە شێوازی ڕەفتاری دەسەڵات ساڵانێکە نەگۆڕاوە ،کاتێک قەیران دروست دەکەن، تێچووەکەی لە گیرفانی خەڵک وەردەگرن؛ کاتێک خراپ بەڕێوەبردن ئاشکرایە، لەبری چاکسازی لە پێکهاتەکەدا، فشاری ئابووری توندتر دەکەنەوە؛ و کاتێک هاووڵاتییان دەپرسن «تاوانبار کێیە؟»، وەڵامەکەیان تەنها پسوڵەیەکی گرانترە.تارانییەکان ڕووبەڕووی ئاوی لێڵ، تۆڕی شکستخواردوو، بارانبارینی کەم و هۆشداریی بەردەوام سەبارەت بە داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە، بەڵام کۆمپانیای ئاوی تاران لەبری شەفافیەت و خستنەڕووی پلانی کردەیی، ئاسانترین ڕێگەی هەڵبژاردووە:خستنی باری لێنەهاتوویی و بێکەڵکیی خۆی بۆ سەر شانی خەڵک.