بنیامین ناتانیاهۆ: لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبین
یەکشەممە 23/11/2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەکەی ڕایگەیاند، لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبن.باسی لەوەش کرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سپای ئیسرائیل چەندین جار بۆردوومانی لوبنانی کردووە و لە بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆ بنیاتنانەوەیان بگرین بەردەوام دەبین؛ هاوکات هەمان کار لە غەززەش دەکەین، چونکە حەماس لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامە.دوێنێ سپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشی کردبوو سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە.