رووسیە کۆنترۆڵکردنی سێ گوندی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینی راگەیاند
رووسیە رایگەیاند، سێ گوندی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین کۆنترۆڵ کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا، ئۆکراین و ئەورووپا لە ژنێڤ کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانێکی مشتومڕهێن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
کیێڤ هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پاراستنی پێگە سەرەکییەکانی لە بەرەی رۆژهەڵات، کە تێیدا سەربازانی رووسیا بەردەوام پێشڕەوی دەکەن.
ئەم پێشڕەوییانەی رووسیە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ژنێڤ دێت بۆ تاوتوێکردنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
ترەمپ تاوەکو 27ـی تشرینی دووەم مۆڵەتی داوەتە ئۆکراین بۆ پەسندکردنی پێشنیازەکە، بەڵام کیێڤ داوای گۆڕانکاری دەکات لەو رەشنووسەدا کە بەشێک لە داواکارییە تووندەکانی رووسیای تێدایە.